جۆرەكانی تاوان
تاوانەکان (الذنوب) دەبنە دوو بەشەوە:
1- تاوانە بچوکەکان (الصغائر).
2- تاوانە گەورەکان (الكبائر).
1- تاوانە بچوکەکان (الصغائر).
ئەم جۆرە تاوانانە:
- پەروەردگار لێی خۆش دەبێت ئەگەر تاوانی گەورەی نەبێت.
- هەروەها لەدوای تەوبە و پەشیمانیش خوای مهرەبان لێی خۆشدەبێت. لەقورئان و فەرمودەكاندا چەندین شت کراوە بە مایەی کەفارەت و سڕینەرەوەی، وەکو: نێوانی نوێژە فەرزەکان، نێوانی هەینی بۆ هەینییەكی تر، وتنی زیکری سبحان اللە وبحمدە، سبحان اللە العظيم، ... هتد.
2- تاوانە گەورەکان (الكبائر).
ئەم جۆرە تاوانانە دوو بەشن:
أ- تاوانە هەرە گەورەکان (أكبر الكبائر).
ب- تاوانە گەورەکان (الكبائر).
أ- تاوانە هەرە گەورەکان (أكبر الكبائر).دوو بەشن:
ئەمانەش دەبنە دوو بەشەوە:
- هاوبەشدانان (الشرك).
- جگە لە هاوبەشدانان (غير الشرك).
هاوبەشدانان (الشرك)
شیركیش دوو بەشە:
- هاوبەشدانانى هەرە گەورە (الشرك الأکبر).
- هاوبەشدانانی بچوك (الشرك الأصغر ).
جێی ئاماژە بۆکردنە:
هەرچەندە ڕاجیایی هەیە لەنێوان زانایان کە ئایا شیرکی بچوك هەر دەچێتە پاڵ شیرکی گەورە و هەمان حوکمیان هەیە یان نا ...؟
لە ئیبن تەیمییەشەوە هاتووە کە شیرکی بچوکیش هەر دەچێتە پاڵ شیرکی گەورەوە...
جگە لەشیرك (غیر الشرك)
ئەگەریش تاوانە گەورەكە شیركدانان نەبوو، ئەوا، یا:
أ- لە تاوانە هەرە گەورەكان دەژمێردرێن:
كە بریتین لەو تاوانانەی لە فەرمودەکانی پەیامبەر ﷺ بە تاوانی هەرە گەورە (أکبر الکبائر) ناوبراون ...، وەکو: ئازاردانی دایك و باوك، شایەتی دانی درۆ و قسەی درۆ… هتد.
ب- لە تاوانە گەورەکانە:
ئەو تاوانانەن کە خوا ﷻ و پەیامبەرەکەی ﷺ بە تاوانی گەورە ناویان بردوون یان حەددی دونیاییان لەسەر داناون، وەکو: زینا، پیاوکوشتن، دزیکردن… یان توڕەبوونی خودا و سزای قیامەتیان بەدواوەیە. یان نەفرەت (لەعنەت)ی پەروەردگار ﷻ یان پەیامبەرەکەی ﷺ لەبکەری کارەکە کراوە، ئەمە جگە لەوانەی لە تاوانە هەرە گەورەكان باسمان کرد ...
تحت المشیئة
هەموو تاوانەکان کە لەسەرەوە باسکران، «تحت المشیئة = لەژێر ویستدا»ن، واتە: لەژێر ویستی پەروەردگارن، ویستی هەبوو لە بەندەکەی خۆش دەبێت یان بەئەندازەی تاوانەکەی سزای دەدات بەڵام سەرەنجام لێی خۆش دەبێت و دەیخاتە بەهەشتەوە ...
تەنها تاوانی هاوبەشدانان نەبێت کە ئەگەر بەندە پێش مردنی تەوبە نەکات بۆ هەتا هەتایە شوێنی ئاگری دۆزەخە و لێخۆشبوونی خوا ﷻ نایگرێتەوە -خوا پەنامان بدا-. ئەمەش حوكمی مرۆڤەكان نییە، خوای میهرەبان خۆی بڕیاری وای فەرمووە و لە قورئانەكەی بەیانی كردوە.
وەرگیراوە لە شەرحی کتێبی «الکبائر »ی پێشەوا زەهەبی، بە شەرحکردنی مامۆستای ڕێزدار: مامۆستا علي خان.
- زەخیرەکردن
- 2 ساڵ لەمەوپێش
- 1719 جار بینراوە