مەقالەکان
ژمارەی ركاتەكانی ته‌راویح وە ئەندازەكەی چەندە ؟!

ژمارەی ركاتەكانی ته‌راویح وە ئەندازەكەی چەندە ؟! 

(زانایان كۆ ده‌نگن كه‌ شه‌و نوێژ و تەراویح ژماره‌كه‌ی دیاری كراو نیه‌).

نووسینی: مامۆستا عه‌لی خان

وه‌رگێڕانی: مامۆستا به‌هار حه‌سه‌ن.

 

بسم الله الرحمن الرحیم

پێش هێنانی ئەو فەرمودانەی پەیوەندییان بەم باسەوە هەیە , پێم خۆشە بڵێم :

زانایانی بواری فیقهـ كۆكن لەسەر ئەوەی كە نوێژی تەراویح سوننەتە , وەلای هەندێكیان سوننەتێكی موئەكەدەیە. 

وە جمهوری زانایان لە هەر چوار مەزهەبەكە لەسەر ئەوەن كە ئەنجامدانی بەكۆمەڵ لەمزگەوتدا سوننەتە .

 

وهەندێكیان ئەڵێن فەرزێكی كیفایەیە وەكو حەنەفییەكان  , وهەنێك وتویانە باشتر وایە لەماڵەوە بكرێت وەكو مالكییەكان .

 

كۆدەنگی زانایان لەسەر ئەوەی كە شەونوێژ سنورێكی دیاری كراوی نییە 

زانایان ڕاجیاوازیان هەیە لەبارەی ژمارەی ركاتەكانی تەراویحه‌وه‌ .

 

وتراوە : یانزە ركاتە یان سیانزە ركاتە لەگەڵ دریژكردنەوەی وه‌ك په‌یامبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم , وەبێ گومان ئەمە باشترینە ئه‌گه‌ر درێژ كرایه‌وه‌.

وەجمهوری زانایان , ئەبو حەنیفە و حەنەفییەكان وشافیعییەكان وئەحمەد و داوود لەسەر ئەوەن كە ژمارەی ركاتەكانی بیست ركاتە بە بێ ویتر .

وە وتراوە : بیست و شەشە.

وتراویشە: سی وشەش.

وتراویشە چل ركاتە وحەوت ركات ویتريش دەكات.

 

[سه‌رنج بده‌ن هیچ كام له‌وانه‌ یانزه‌ یان سیانزه‌ ڕكات خێرای تێدا نیه‌!].

ئه‌مانه‌ هه‌مووی وه‌كو باشترین ، ئه‌گه‌رنا ڕاجیاواز نین وكۆ ده‌نگن كه‌ له‌مه‌ زیاتر وله‌مه‌ كه‌متریش‌ ڕه‌وایه‌.

 

ئیبن عەبدولبه‌ڕ ئەڵیت: «جیاوازی نییە لە نێوان موسڵمانان كە شەو نوێژ سنورێكی دیاری كراوی نییە، هةروةها كه سوننەتە و كارێكی خێرو چاكە جا هەر كەسێك بیەوێت كەم دەكات هەر كەسێكیش بیەوێت زیاتر دەكات».

 

قازی عیازی یەحصوبی سەبتی ئه‌ڵێت: «جیاوازی نییە لەوەی كە سنورێكی دیاری كراوی نییە لێی زیاد نەكرێت یا خود كەمتر نەكرێت , وە شەونوێژ یەكێكە لە كردەوە چاك و هان بۆ لا دراوەكان كە هەرچەندە زیاتری بكەیت پاداشت و فەزلی زیاترە , بەڵكو جیاوازی لە كرداری پەیامبەری خوادا هةية صلی الله علیه وسلم وه‌ لەوەی كە بۆ خۆی هەڵیبژاردووە».

 

وحافزي ئەلعراقی فەرمویەتی : «... زانایان كۆ دەنگن لەسەر ئەوەی كە شه‌و نوێژ سنورێكی دیاریكراوی نییە».

 

شەوكانیش فەرمویەتی : «دەرئەنجام، ئه‌وه‌ی فەرمودەكانى ئەم بەشە وهاوشێوەكانى بەڵگەن لەسەر دروستێتی شەونوێژ لە رەمەزاندا و نوێژكردن تێیدا بە كۆمەڵ وبە تەنیا , جا كورتهەڵهێنانی ئەو نوێژەی پێی ئەوترێت تەراویح لەسەر ژمارەیەكی دیاریكراو و تایبەتكردنی بە خوێندنێكی تایبەت لەسوننەتدا نەهاتوە». 

 

وەشەنقیتی فەرمویەتی: «وپەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم سەر پشك كراوە لە نێوان كاتەكانی شەودا، جا ئەوەی بۆ چالاكی و ئامادەبون و ئاسودەیی جێهێشتووە , جا ناتوانرێ عیبادەت بكرێت بە ژمارەیەك  كە بەكەمتر لەوە دروست نابێت  و زیاتركردنیشی دروست نەبێت».

 

وەئیبن تەیمییە فەرمویەتی: «وە هاوشێوەی ئەوەش  لە چەند رویەكەوە:

ڕاجیاوازی زانایانە لەسەر ئەندازەی شەو نوێژ لە رەمەزاندا. چه‌سپاوه‌ كە «ئوبەی كوری كەعب بیست ركاتی بەخەڵكی دەكرد لەشەونوێژی رەمەزاندا , و بەسێ ركات ویتری ئەكرد». بۆیە زۆربەی زانایان وا ئەبینن كە ئەوە سوننەتە, چونكە لە نێوان كۆچ كردووان و پشتیوانان ئەنجامی داوە و هیچ كەس ئینكاری نەكردووە. وەهەندێكی تر وایان پێ سوننەتە: كە سی و نۆ ركات بكرێت , لەسەر ئەوەی كاری خەڵكی مەدینە بووه لەكۆندا . 

وەكۆمەڵێكی تر ئەڵێن: جێگیر بووە لە صەحیحدا لە عائیشەوە : «پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم لە رەمەزان و جگە رەمەزانيش لە سیانزە ركات زیاتری نەكردووە».

 

كۆمەڵێكی تر لەم بنچینەدا هه‌ر جاره‌ وشتێكیان ده‌وت چونكه‌ گومانیان برد كە دژی ئه‌وه‌یه‌ كە جێگیر بوە لە سونەتی خولەفای راشیدین وكردەوەی موسڵمانان !

 

جا حەق و راستی ئەوەیە كە هەموو ئەمانە چاكن , هەروەك چۆن ئیمامی ئەحمەد فەرمویەتی. وة  شەونوێژی رەمەزان ژمارەی بۆ دیاری ناكرێت لەبەر ئەوەی پەیامبەری خوا ژمارەی بۆ دیاری نەكردووە.

 

ئەو كاتەش زیادكردن  وكەم كردنی ركاتەكان بە گوێرەی درێژ و كورتی نوێژەكەیە. پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم شەونوێژی درێژ ئەكرد, تەنانەت جێگیر بووە لێوەی لە صەحیحدا لە فەرمودەكەی حوزەیفە: «كە پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم لە یەك ركاتدا سورەتی بەقەرە ونیسا وئال عیمرانیشی ئەخوێند», بۆیە لەبەر درێژ بوونی نوێژەكە پێویستی بە زیادكردنی ركاتەكان نەدەكرد.

 

وە ئوبەی كوری كەعب كاتێ نوێژی پێیان كرد –یەك كۆمەڵيش بوون-، نەكرا كە نوێژەكەیان بۆ درێژ بكاتەوە , بۆیە ركاتەكانی زیاد كرد بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی  درێژییەكەی , وەژمارەكەیان كرد بە دوو هێندەی ژمارەی ركاتەكانی , شەوان یانزە یان سیانزە ركاتی ئەكرد , دواتر كە خەڵكی مەدینە لاوازبون لە كردنی نوێژی دریژ ركاتەكانیان زیاد كرد تاوەكو گەیشتە سی و نۆ».

 

وهەروەها ئيبن ته‌یمیه‌ ئه‌ڵێت: «پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم شەو نوێژەكەی لە رەمەزان وجگە لە رەمەزان  یانزە یان سیانزە ركاتی كردووە  ,  بەڵام درێژی ئەكرده‌وه‌, بۆیە كاتێ درێژكردنەوەكە نارەحەتی تێدا بوو بۆ خەڵكی , ئوبەی كوری كەعب لەسەردەمی عومەری كوری خەتتاب هەستا بەكردنی  بیست ركات , دوای ئەوە ویتری ئەكرد ونوێژەكەی كورت  ئەكردەوە , بۆیە زیادكردنی ركاتەكان لەبری نوێژ درێژكردنەوە بووە . وهەنێ لە پێشینان چل ركاتیان كردووە بەڵام بەكورتی ودواتر سێ ركات ویتریان كردووە . وهەندێَكی تر سی وشەش ركاتیان كردووە دواتر ویترەكەیان كردووە».

 

هه‌روه‌ها ئیبن ته‌یمیه‌ فەرمویەتی: «هەروەها پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم ژمارەی بۆ خودی شەونوێژی رەمەزان دیاری نەكردووە , بەڵكو هەر خۆی صلی الله علیه وسلم لە رەمەزاندا و جگە لەويش لە سیانزە ركات زیاتری نەكردووە , بەڵام ركاتەكانی درێژ دەكردەوە , كاتێ ئیمامی عومەر لەسەر ئوبەی كوری كەعب كۆیانی كردەوە بیست ركاتی پێ ئەكردن , دواتر سێ ركات ویتری ئەكرد , وقورئان خوێندنی كورت دەكردەوە بەگوێرەی زیادكرنی ركاتەكان , لەبەرئەوەی ئەوە  سوكترە  لە درێژكردنەوەی یەك ركات لەسەر نوێژخوێنان , پاشان كۆمەڵێك لەپێشینان  چل ركاتیان ئەكرد , وبەسێ ركات ویتریان ئەكرد , وكۆمەڵێكی تر سی و شەش ركاتیان ئەكرد و سێ ویتر , وەئەمەش هەموی ڕه‌وایه‌ ئەبێت ، جا نوێژخوێن بەهەركام لەم شێوانە لە شةونوێژی رەمەزاني كرد , باشی كردووە .-

 

خۆی له‌ ڕاستیدا: باشترين وفه‌زڵدارترین، بە گوێرەی حاڵی نوێژ خوێنان ده‌گۆڕێت , جا  ئەگەر توانا و تەحەمولی نوێژی درێژیان هەبوو ئەوا دە ركات ئەكەن وئينجا سيان , هەروەكو چۆن پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم نوێژی بۆ خۆی ئەكرد لە رەمەزان و جگە لەويش. ئەمەش باشترینە. وئەگەر توانا و تەحەمولیان نەبوو ئەوا ئەنجامدانی بیست ركات باشترینە , وئەمەش  زۆربەی موسڵمانان كاری پێدەكەن , وئەوەش نێوەندگرە لە نێوان دە  لەگەڵ  چل ركات، وئەگەر چل ركات یان زیاتری كرد  دروستە , وەهیچ لەوانە مەكروهـ نین .

 

 وە ئەمەش وتەی زۆر لەزانایانە وەك ئیمامی ئەحمەد وجگە لەويش.

وە هەر كەسێكيش وا گومان ببات كە شەو نوێژی رەمەزان لەلایه‌ن پەیامبەری خواوە صلی الله علیه وسلم ژمارەی بۆ  دیاریكراوە، نە زیاد ئەكرێت لێی  و نە كەم , ئەوە هەڵەی كردووە.

 

جا ئەگەر ئەم فراوانییە لەخودی ژمارەی ركاتەكاندا هەبێت ئەی گومان چ بێت له‌ سه‌ر زیادكردنی نوێژەكە لەبەر دوعای قنوت یان وازلێهێنانی، وەهەمو ئەمانەش رێپێدراو و چاكە .

 

وەلەوانەیە كەسێك چالاكى تێدا بێت بۆیە باشتر وایە لە ئاست ئەم كەسە كە پەرستشەكەی درێژبكاتەوە , لەوانەشە چالاك نەبێت بؤية باشتر وایە بۆ ئەم كورتی بكاتەوە.

 

وەنوێژی پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم گونجاو بووە , ئەگەر نوێژی درێژ بكردایه‌ كڕنوش و سوژدەكان (ركوع وسجود)ی درێژ دەكردەوە، وەئەگەر نوێژی كورت بكردایە  كڕنوش و سوژدەكانیشی كورت دەكردەوە , بەم شێوازە نوێژی ئەكرد لە نوێژە فەرزەكان  وشەو نوێژو  خۆر گیران  , وجگە لەوانەش».

وەئیبن عوسەیمین فەرمویەتی: «ونابێت زیاده‌ڕۆیی یاخود كەمتەرخەمى بكەین، جا هەندێك خەلك زیادڕۆیی دەكات لەپابەند بوون بەم سوننەتةوة لەروی ژمارەوە و ئەڵێت : دروست نییە زیاتر لەو ژمارە بكرێت كە لەسوننەتدا هاتووە  , و زۆر بەتوندی ئینكاری لەو كەسە دەكات كە لەوە زیاتر ئەنجام بدات , وئەڵێت : ئەوكەسە تاوانبار و سەرپێچیكارە , وەبێگومان ئەمەش  هەڵەیە , وەچۆن ئەبێ تاوانبارو سەرپێچیكار بێت  ولەكاتێكدا پرسیار لە پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم كراوە  دەربارەی شەو نوێژ ؟ فەرموی : «دوو دووە» و ژمارەی بۆ دیاری نەكرد , وە زانراویشە ئەوەی پرسیاری شەونوێژی لێ كرد ژمارەكەی نازانێت، لەبەرئەوەی كەسێك نەزان بێت بەچۆنییەتی نوێژەكە ئەوە نەزانینی بەژمارەكەی لە پێشترە , وەلەخزمەتكارانی پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم نەبووە تاوەكو بڵێین ئەزانێت چی لە ماڵه‌كەی روو ئەدات , جا كەپەیامبەری خوا چۆنییەتی نوێژەكەی بۆ روونكردەوە بەبێ ئەوەی ژمارەیەكی بۆ دیاری بكات , زانرا كەئەم كارە فراوانی تێدایە , وەئینسان بۆی هەیە سەد ركات نوێژ بكات و یەك ركات ویتر».

 

وەبەهاوشێوەی ئەمە صالح الفوزان فەتوای داوە , وفەرمویەتی: «ژمارەی ركاتەكان دیاری كراو نییە [واتا: تەراویح]، وەئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ چۆنییەتی نوێژەكە، جائەگەر خوێندنەكەی درێژكردەوە و كڕنوش و سوژدەكانی درێژ كردەوە ئەوا ژمارەی ركاتەكان كەم دەكات، ونوێژەكەی درێژ دەكاتةوة، وەئەگەر نوێژەكەی كورت كردەوە  كورتییەك  نوێژەكەی تێك نەدات , ئەوە  ژمارەی ركاتەكان زیاد دەكات ». 

 

زانایان ڕاجیاوازن لەسەر چەند بۆچونییەك لە ژمارەی ركاتەكانی رەمەزان , كە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم كارە  فراوانى تێدایه‌ , بەڵام مەبەست  چۆنێیەتی نوێژەكەیە : كە ئەبێت نوێژێكی گونجاو بێت , نوێژێك بێت كە هەستان و كڕنوش و سوژدە و خشوعی بۆ خوا عز وجل تێدا تەواو بێت , ئارامی ودڵنیایی تێدا بێت , ئا ئەمە داواكراو و مەبەستە ,جا ئەگەر بیست وسێ یان چل , یان سی و شەش ركاتی كرد , یاخود دە ركات بە پێنج سەلامەدانەوەی ئەنجامدا , ئەمانە هەمو پێك دێت لەگەڵ سونەتدا , بەڵام مەبەست لە چۆنییەتی نوێژەكەیە , نەك لەژمارەی ركاتەكان بەتەنیا ,  لەبەرئەوەی هەندێ پێشنوێژ بەچەند دەقەیەك نوێژەكەی تەواو دەكات , ملكەچ و ئارام نابێت تێیدا , رێگە بەنوێژخوێنانی دوای خۆی نادات كە ئەو ویردانە بخوێنن كەلە كڕنوش و سوژدەدا هاتووە  ,  لەبەر خێرایی  گوێبیستی ئایەتەكان نابن , ئەمەش ناتەواوییە لەنوێژدا , وتێكدانی هاوسه‌نگی نوێژه‌.

 

جا لەسەر پێشنوێژە خوا سەركەوتوی بكات  به‌ ڕێكی وگونجاوی نوێژه‌كه‌ی بكات, ولەقورئان خوێندنەكەی  , ولەهەستان  , وكڕنووش  , وسوژدەكەیدا , چونكە ئەو لە پەرستندایە نەك لە بەندیخانە، بەڵكو لە پەرستندایە, وەك گوێڕایەڵییەك بۆ خوای عزوجل  وەستاوە لەبەردەستیدا موناجاتی پەروەردگاری دەكات عزوجل , پێشنوێژی موسڵمانانی دوای خۆی دەكات , جا پێویستە لەسەری چاوەرێی ئەجرو پاداشت بێت.

 

وە قورئان خوێندن سێ جۆرە : 

جۆری یەكەم :  خوێندنەوەیەكی لەسەر خۆ و جوان : وەئەمەش كاتێكی زۆر لە ئینسان دەبات  , لەسەر خۆی و ئەوانەی دوای خۆیشی قورسە .

 

جۆری دووەم : خوێندنەوەیەكی خێرا و پچڕ پچڕ كە كەلە خێراییدا هەندیك لەپیتەكان دەخات , ونە خوێنەر سودی لێ ئەبینێت  , نە گوێگر.

وەئەمەش دروست نییە . 

 

جۆری سێیەم : خوێندنەوەییەكی مامناوەندە، كه‌ لە نێوان خاوكردنەوە و درێژكردنەوە و دوبارەكردنەوەدايه، لەگەڵ خێرایی وپچڕ پچڕ. وەئەمەش پێی ئەوترێت خوێندنەوەی حەدر , كە ئەمەش لە موصحەفە رێكخراوەكاندا هەیە , جا موصحەفە رێكخراوەكان زۆربەیان لەسەر خوێندنەوەی حەدرن , كەلەسەر خوێنەر قورس نابێت , و گوێگر بێزار ناكات , جا لەسەر پێشنوێژ پێویستە ئەم  جۆرە خوێندنەوە یە هەڵبژێرێت ,  بە خوێندنەوەی حەدر بخوێنێت  ڕەچاوی  حوكمە تەجویدییەكانی تێدا  بكات , و ڕەچاوی هەڵسوكەوتی خوێندنی تێدا بكات , وەقورسی نەكات لەسەر خۆی و  ئەوانەی كەلە دواییەوە نوێژ دەكەن.

سەبارەت بەژمارەی ركاتەكانیش , وەك وتمان پێویستە كەمتر نەبێت لە دە ركات بەپێنج سەلامدانەوە , لە هەموو دو ركاتێك سەلامێك ئەداتەوە , و ئەبێت قورئان خوێندنەوەكەیش بۆ هەر ركاتێك لەپێنج لاپەرە كەمتر نەبێت, تاوەكو بتوانێت قورئان خەتم بكات لەكۆتایی مانگەكەدا, لەگەڵ خوێندنی قورئان لەتەهەجود دا لە دە شەوی كۆتایى، ئەمەش زیاد دەكات بۆ ئەو قورئان خوێندنەی  كەلە نوێژی تەهەجودی دەشەوی كۆتایی دەبێت , بەمەش ئەتوانێت قورئان خەتم بكات , و قورسیش نابێت لەسەر نوێژخوێنان. [مەبەستی لەوەیە كاتێك دەگەنە دە شەوی كۆتایی رەمەزان , لەسەرەتای شەوەوە شەونوێژ دەكەن و لەكۆتایی شەویشەوە شەونوێژ دەكەن, وەكو لە مەككە و مەدینە ئەنجام دەدرێت].

 

وە پێشنوێژ بۆیە پێی دەوترێت ئیمام لەبەرئەوەی پێشەنگە بۆ نوێژخوێنان  , جا پێویستە لەسەری پێشەنگێكی چاك بێت لەنوێژەكەی , لەقورئان خوێندنەكەی , لەكڕنوش  و سوژدە و ملكەچی و ئارامییەكەی ,  نوێژ ئا بەم شێوازەیە ئەی بەندەكانی خوا دەستكاری ناكرێت و یاری پێناكرێت  بەگوێرەی ئارەزووی پێشنوێژەكان ,  هەركەسێك ئارەزویەكی هەیە , هەركەسێك هەوڵێكی هەیە , نەخێر , پێویستە پێشنوێژەكان لەسەر یەك شێوە و ڕێباز بن كە تەبا بێت لەگەڵ سوننەتی پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم, نوێژەكانیان  زۆر بەچاكی و جوانی وڕێك وپێكی ئەنجام بدەن .

 

وەگرنگترین شت شێوازی  قورئان خوێندنە چونكە هەندێ پێشنوێژ  لەسەر خۆی قورس ونارەحەتی دەكات بەچاوەدێریكردنی تەجوید , وحوكمەكانی تەجوید, ودرێژكردنەوەكان , و مینگە  تا كۆتایی , بۆیە لەسەر خۆی و نوێژخوێنان قورسی دەكات , جا ئەمەش زیادەڕۆیی كردوە زیادڕۆییەك كە قورسی  كردووە  لەسەری  ,وناتوانێت قورئان تەواو بكات , ئەمەش وەكو كەسی له‌ سه‌فه‌ڕ بڕاو وایه‌... جا لە نیوەی ڕێگا دادەبڕێت , وبێزار دەبێت لە پێشنوێژی كردن , وەبەقورسی دادەنێت بەهۆی ئەوەی  قورسی كردووە لەسەر خۆی , وئەگەر ئەو  هاوسەنگی بكردایە لەكارەكاندا , وهاوسەنگی بكردایە لەنێوان قورئان خوێندن ونوێژەكەی لەگەڵ شەوەكاندا ئارام ودڵنیا ئەبوو تێیدا ,و ئەحەسایەوە , وئەو واجبەی كەلەسەرێتی ئەنجامی ئەدا. ت.و

قورئان خوێندن لە تەراویحدا.

 

خوێندنی قورئان لەنوێژی تەراویح سوننەتە بە كۆدەنگی پێشەوایانی موسڵمانان, و سوننەتە درێژبكرێتەوە تێیدا لەبەر  ئەو فه‌رموده‌ وئه‌سه‌رانەی كە دێن , و ئەمەش ڕێبازی پەیامبەری خوایە صلی الله علیه وسلم, وپێشینان لە هاوەڵان  وشوێنكەوتووان  و شوێنكەوتەی شوێنكەوتووان  لەپێشەوایانی ڕێنیشاندەر , كە درێژەیان ئەدا  بە قورئان خوێندن و پایەكان , هەتاوەكو خەریك بو پارشێویان لەدەست بچێت . 

 

وە درێژكردنەوەی ئەم نوێژە  بە دەر لەنوێژە فەرزەكان دروستە لەبەرئەوەی سوننەتە, و هیچ  كەسێك چالاك نابێت بۆی مەگەر كەسێك كەبیەوێت پلەی بەرزبێت یان چاكەكانی زیادبكات  , پاشان پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم  درێژی دەكردەوە وەك پێشتر باسكرا و ئێستەش باسی لێوە دەكەین  .

وە لەپێشینانەوە هاتوە , كە ئەوان :

 

• فەرمویانە : ئێمە كەلە نوێژ ئەبوینەوە لەرەمەزان , پەلەمان بە خزمەتكارەكان ئەكرد بۆ خواردن لێنان لەترسی دەركەوتنی فەجر .

 

• وەئیمامی عومەر فەرمانی كرد بەخێراترین قورئان خوێن كە  سی ئایەت بخوێنێت , و ناوەندەكەیان بە بیست و پێنج , وەخاوترینیان بە بیست ئایەت لە هەر ركاتێكدا .

 

• وەقورئان خوێن سورەتی بەقەرەی لە هەشت ركاتدا ئەخوێند , جا ئەگەر كەسێكیان لەدوانزە ركاتدا بیخوێندایە , وایان ئەبینی كە كورتی كردۆتەوە.

 

• وە عومەری كوڕی عەبدولعەزیز فەرمانی بە پێشنوێژان  ئەكرد  لەهەر ركاتێكدا دە  ئایەت  دە  ئایەت بخوێنن.

 

• وەهەندێكیان  لەركاتێكدا  سورەتی (العنكبوت) یان ئەخوێند .

 

• وەهەندێكیان پێشنوێژی بۆ خەڵك دەكرد لەهەمو حەوت ڕۆژێكدا قورئانی خەتم دەكرد  لەرەمەزاندا .

 

• وەهەندێكیان فەرمویانە : پێشنوێژیم بۆ خەڵكی دەكرد لەرەمەزاندا لە یەك ركاتدا سورەتی (فاگر) و هاوشێوەكانیم ئەخوێند , و پێم نەگەیشتوە كەسێك ئەوەی پێ قورس بێت .

 

• وەسەعیدی كوڕی جوبەیر لەهەر ركاتێكدا بیست وپێنج ئایەتی دەخوێند .

 

• بەڵكو پەتیان بۆ ئەبه‌سترا , خۆیان پێوە ئەگرت  لە درێژی نوێژەكاندا .

 

• تەنانەت مەیمونی كوڕی میهران فەرمویەتی : گەییشتوم  بە قورئان خوێنی وا كە ئەگەر پەنجا ئایەتی بخوێندایە ئەیانوت كورتی كردۆتەوە, وگەییشتوم  بە قورئان خوێنی وا كە بگەیشتایەن بەچیرۆك تەواویان ئەكرد  هەرچەندە كورت بوایە یاخود درێژ , كەچی ئەمڕۆ تەزوو و موچڕكە بەلاشەمدا دێت لەقورئان خوێندنی هەندێك , ئایەتی: {وَإِذَا قِيلَ لَهُمْ لَا تُفْسِدُوا فِي الْأَرْضِ قَالُوا إِنَّمَا نَحْنُ مُصْلِحُونَ} [البقرة:11] ئەخوێنیت , پاشان لەركاتەكەی تردا ئه‌ڵێت: {غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ} [الفاتحة: 7]  پاشان ئه‌ڵێت: {أَلَا إِنَّهُمْ هُمُ الْمُفْسِدُونَ وَلَكِنْ لَا يَشْعُرُونَ} [البقرة:12] ئەخوێنێت.

له‌ كورتی ببورن چونكه‌ خێرا وه‌رگێرانم بۆ كرد ومامۆستاش نه‌یپه‌رژا به‌ وردی پێداچونه‌وه‌ی بكات.

والحمد لله رب العالمین.

 

ئەم نووسراوە لە فەیسبووك