مەقالەکان

گه‌وره‌یی ئیخڵاص وخوا مه‌به‌ست بون

 

له‌ سوده‌ گه‌وره‌كانی ئیخڵاص ئه‌وه‌یه‌ سپڵه‌یی سفڵه‌كان و له‌به‌رچاو نه‌بونی نابه‌ڕێزان و پێنه‌زانینی ڕژده‌كان و نامەردی ناڕەسەنەكان په‌شیمانت ناكه‌نه‌وه‌ له‌كاره‌ خێره‌كانت كه‌ مه‌به‌ستت خوا بووه‌ تبارك و تعالی بەتەنها.

ئه‌مه‌ش به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بایه‌خ به‌ ئیخڵاص بده‌ین له‌ سه‌رجه‌م كار وباره‌كانماندا:

كاتێك سه‌ردانی كه‌سێك ده‌كه‌یت له‌ به‌ر خوا، ئه‌و یان خه‌ڵكێك پێی وایه‌: ئیشت پێیه‌تی.

كاتێك پێی ده‌ڵێی: خۆشم ده‌وێیت، خه‌ڵكێك یان ئه‌و ئه‌ڵێ: باری لار بووه‌.

كاتێك ئامۆژگاری ده‌كه‌یت: خه‌ڵكێك یان ئه‌و ئه‌ڵێ: خۆی ده‌رده‌خات، یا بۆ ئه‌وه‌یه‌تی دوای بڵێ: من پێم وت.

كاتێك فه‌رمان به‌ چاكه‌ و نه‌هی له‌ خراپه‌ ده‌كه‌یت، خه‌ڵكێك یان ئه‌و ئه‌ڵێ: هه‌ر خۆی به‌ڕاست ده‌زانێت...

كاتێك دەستی دەگریت و لەتاریكی دەری دەكەیت، نامەردی و بێڕێزیت بەرانبەر دەكات..

كاتێك فێری تیر هاویشتنی دەكەیت یەكەم تیری لەتۆی دەگرێت.

لە هەمو ئەم حاڵەتانە و هاوشێوه‌كانی نابێت بگۆڕێیت و هیچ كارت تێبكات.

هه‌ر بۆیه‌ سه‌له‌ف فه‌رمویانه‌: له‌ سوده‌كان و نیشانه‌كانی خوا مه‌به‌ست بوون ئه‌وه‌یه‌ ستایش و قسه‌ پێوتنی خه‌ڵكی لات یه‌كسان بێت. جا كێ به‌ پیاهه‌ڵدان گۆڕا و به‌ قسه‌ پێوتن سارد بوویه‌وه‌ خوا په‌نا بدات ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی خوا مه‌به‌ست نه‌بوونه‌. خوای ته‌عالا نیه‌تی هه‌مومان پاك بكاته‌وه‌.

علي خان