مەقالەکان

ئامۆژگاریەكم هەیە بۆ ئافره‌تان بە تایبەت!

السلام عليكم ورحمة الله وبركاته

خۆشكی خۆم! تكایە نهێنی خۆت -بە تایبەت نهێنیەكت كە پەیوەستە بە ئابڕوو و شەرەف و ناموسەوە- لای مێردەكەتيش مەدركێنه‌ و مه‌یگێڕەوە، با پیاوەكەتیش زۆر چاك بێت ...

هەڵەیەكت كردوە لە ڕابردودا، بۆ كای كۆنە بە با دەدەی!؟ {عَفَا اللَّهُ عَمَّا سَلَفَ} [المائدة: 95] لە بری ئەوە، تەوبە و ئیستیغفار بكە و داوای لێخۆشبون له‌ خوای ميهره‌بان بكە، و تاعەتی خوا بكە -سبحانه وتعالی- كە ستری كردووی و دایپۆشیوی ...

ماوەیەك پێش ئێستا ئافرەتێك تەلەفۆنی كرد، دەیوت: بە دوو گیانییەوە تەڵاق دراوم! لەبەر ئەوەی بە پیاوەكەی وتبوو: لە تەمەنی ئەوەندە ساڵیدا، فڵان كەس، فڵان كاری لەگەڵ كردووم...!!

گەنجێكی تر تەلەفۆنی كرد بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە! دەیوت: شەش مانگە خێزانەكەم گواستۆتەوە! دەڵێ‌: كاتی خۆی فڵان كوڕ ئاوهای لەگەڵ كردووم! ئێستا چی لێ بكەم!؟

لە هەمووی ناخۆشتر! گەنجێك لە بەردەم مزگەوتەكەم یەخەی پێگرتم و زۆر پەشۆكاو بوو، دەیوت: ژنەكەم پێی وتووم: لەو ماوەیەی كە تۆراوه، ڕۆیشتووك بۆ لای ساحیرێك هەواڵت بزانم، بەڵام دواجار زینای لەگەڵ كردووە!

ئەمانە و دەیان نموونەی تری دڵتەزێنی هاوشێوەی، دەبێت ببن بە پەند بۆ پەند وەرگران و ژیرەكان...

بۆیە:

تكایە نهێنی خۆت مەدركێنە بۆ كەس، هیچ كەسێك!

پیشینان فەرموویانە: قسە كەوتە زار، دەكەوێتە شار.

سبەی تەڵاقت دەدا و نهێنیەكەشت ئاشكرا دەكات! ئه‌وسا هەم ژیانی خۆتت تێكدا و هەم نهێنیەكەشت به‌ بادا.

سبەی ناخۆشی دەكەوێتە نێوان تۆ و هاوڕێ نزیكەكەتەوە، ئەوسا هەر ساتێك ژیانی تۆ مەترسی لەسەرە، لەوانەیە هەر ساتێك نهێنییەك بگێڕدرێتەوە و حەیای خۆت و بنەماڵەكەشت بەری! بۆ؟؟ چونكە تەحەموولت نەكرد و نهێنی خۆتت به‌ بادا.

خوشكی به‌ڕێز!

تۆیەك تەحەمولی نهێنیەكانی خۆتت پێ نەكرێت! ئەی بەرامبەرەكەت چۆن تەحەممولی نهێنی تۆی پێ ده‌كرێت؟!

ئه‌گه‌ر كه‌سێك سنگی ته‌سك بێت له‌ ئاست نهێنیه‌كانی خۆی و ته‌حه‌ممولی هه‌ڵگرتنی نه‌كات، ئه‌وا بێگومان سنگی ئه‌و كه‌سه‌ی نهێنیه‌كه‌ی لا باس ده‌كەیت ته‌سكتر و بێ ته‌حه‌ممولتره‌.

ئه‌گه‌ر تۆ سیقه‌ت به‌ كه‌سێك هه‌یه‌ و لای باسی ده‌كه‌یت، بێگومانبه‌ ئه‌ویش كه‌سێكی هه‌یه‌ متمانه‌ی پێ هه‌بێت و لە لای باسی بكات!

ئیمامی شافیعی -رحمه الله تعالی- ده‌فه‌رموێت:

إذا المرء أفشى سره بلسانه                  *          ولام عليه غيره فهو أحمق

إذا ضاق صدر المرء عن سر نفسه              *       فصدر الذي يستودع السر أضيق

چەند نهێنیت بۆ باسكرا، پێت وترا: توخخوا فڵان كەس لە دەمت دەر نەچێت ها، جونكە فڵان كەس بۆی گێڕامەوە، وتی: بەینی خۆمان بێت!؟

كە نهێنیەكیشت هەبوو، ویستت بیدركێنی و هەر سوور بووی لەسەری، تەلەفۆن بۆ مامۆستایەك بكە و خۆتی پێ مەناسێنە و نابێت بتناسێتەوە و ژمارەت هەڵبگرێت و خەزنی بكات، جا داوای هەندێك ئامۆژگاری لێ دەكەیت و ئەویش ئامۆژگاریت دەكات و لە سەرەنجامی ئەو كارە ئاگادارت بكاتەوە ...

بەوەش هەم نهێنیەكەت لەسەر دڵ سووك دەبێت لە ڕوی دەرونیەوە هێور دەبیتەوە، هەمیش لە سەرەنجامی ئەو نهێنی ئاشكراكردنەشت دەتترسێنرێیت...

والحمد لله رب العالمين

 

 

علی خان 

مزگەوت قازی موحەممەد -رحمه الله تعالى-.

٢٩ محرم ١٤٣٥

2ـی دیسمبەری 2013