مەقالەکان
گه‌وره‌یی ئومێد بوون به‌ خوای ڕەحمەت فراوان

گه‌وره‌یی ئومێد بوون به‌ خوای ڕەحمەت فراوان 

ئومێد بوون بە خوای میهره‌بان زۆر گەورەیە، عیبادەتێكی زۆر مەزنە، ده‌رویه‌كی هه‌میشه‌ كراوه‌یه‌.

هەر كاتێكیش ناڕەحەتی گەیشتە چڵەپۆپە و ئەوپەڕی ناڕەحەنی ئەوە بەڵگەی هاتنی دەروو و فەڕەج و خێرە:

اشتَدَّي أزمَةُ تَنفَرِجي * قَد آذَنَ لَيلُكِ بِالبَلَجِ.

توندتربە قەیران دەروو هەر دێ * وا شەوت خەریكە ڕۆشن دادێ

یانی: هەركات قەیران و ئەزمە و ناڕەحەتی تووند بوو و گەیشتە لوتكە، ئەوسا دەرو و كامەرانی زۆر نزیكە و وا دێت -بە ویستی خوا-.

تەماشای یەعقوب بكەن: یوسفی خۆشەویستی دەڕوا، دوای ئەو ماوە زۆرە -سی ساڵ زیاتر یا كەمتر- پاشان «بنیامین»ەكەشی دەڕوا، دوای ئەویش، كوڕە گەورەكەی كە باشی ناو باقیەكەیە، دەڕوا.

دوای ئەو هەمووە، هێشتا بێئومێد نابێت و، ئەوسا دەڵێ‌: ﴿عَسَى اللَّهُ أَن يَأْتِيَنِي بهم جميعا﴾، «بەشكو خودا هەر سێ كوڕەكەی بۆ هێنامەوە»، ئەوە ئەبێ لە ماوەیەكی كەمدا، دوای دەیان ساڵ دابڕان، یوسف دێتەوە، بنیامین دێتەوە، كوڕە گەورەكەشی دێتەوە. الله أكبر.

كەواتە هەر كات بەڵا و موسیبەت و قەیران گەشتە چڵە پۆپە و لوتكە، دڵنیابن كاتی دەروكردنەوە زۆر نزیكە، يانى: تا بەڵا و قەیران و ناڕەحەتی سوكتر بێت، با بێئومێدی زاڵ نەبێت! بۆ؟ چونكە ئەو كاتە ئومێدی لاچونی زیاترە لای خوا.

خوای گەورەش دەقەرموێت: ﴿حَتَّى إِذَا اسْتَيْأَسَ الرُّسُلُ وَظَنُّوا أَنَّهُمْ قَدْ كُذِبُوا جَاءَهُمْ نَصْرُنَا﴾، ئەفەرموێ: «ئەی پەیامبەری خوا پەلەی سەركەوتن مەكە بەسەر دوژمنانی خوادا، چونكە پەیامبەرانی پێش تۆ، سەركەوتنیان بە پەلە بۆ نەدەهات لەبەر حیكمەتێك كە خۆمان دەیزانین، هەتا پەیامبەران بێ ئومێد ئەبوون لە گەلەكانی خۆیان و دڵنیا ئەبون ئیمان ناهێنن، ئەوسا لەو كاتی تەنگانە و ناڕەحەتیەدا سەركەوتنی ئێمەیان بۆ دەچوو».

لە شەڕیشدا كە پەیامبەران و شوێنكەوتوانیان شەڕیان دەكرد، دەگەشتنە حاڵەتی ناڕەحەتی زۆر، ئەوسا سەركەوتن و فەرەج و دەروی خوا جل جلالە دادەبەزی.

 

براتان

علي خان

15 أكتوبر 2015

 

ئەم نووسینە لە فەیسبووك