کتێبخانە

سەرخستنی مێژووی ئیسلام و سەر مەزهەبەكان و ڕێبازی پێشینان لە گفتوگۆیەكی نەرم ونیان لەگەڵ دكتۆر عوسمان

پێشەكی

الحمد لله رب العالمین والصلاە والسلام علی نبی الله الأمين وعلی آله وصحبه أجمعین، جعلنا الله تعالی من أتباعه. أما بعد:

خوێنەرانی بەڕێز: ڕۆژێك وتارێكی چەند دەقیقەییم بینی هی بەڕێز م. عوسمان موحەممەد، وتەكانی سەرباری ئەوەی زۆرێكی لە جێی خۆی نەبو، وشوێنی سەر مینبەر نەبو، لە هەمان كاتدا تێكدانی ڕاستیەكان وتێكەڵاو كردنی هەقیقەتەكان ووێناكردنێكی نادروستی دەكرد بۆ ئیسلام ومێژوەكەی وپێشینانی وپێشەوایانی لە چوار مەزهەبەكە وهەڵگرانی، بە تایبەت ئە گەر ناوی وتاربێژەكەت لا بدایە زیاتر لە وتەی دژە دینەكان دەچون!! منیش لە لاپەڕەیەكی بێدین ودژە دینەكان بینیم بڵاویان كردبوەوە بە ناونیشانێكی زەق وڕەق: «بڕوانن وسەرنج بدەن دكتۆر عوسمان چەند ڕاستیەكی لە بارەی ئیسلامەوە دركاند»، چەندین ناونیشانی لەم شێوە ونزیك لەمە. 

هەڵبەت لەوانەیە ویستبێتی چاك بكات، بەڵام خراپی كرد وخراپیش شكایەوە.

بۆیە ڕۆیشتمەوە بۆ سەرچاوەی وتارەكە وگوێم لە هەمو وتارەكە گرت. وتم نەوەك قسەكەی لە چوارچێوەكەی دەر كرا بێت وبۆ مەبەستی خراپ بە كار هێنرا بێت، بەڵام سەرەنجام ئەو تێبینیانەم بۆ دروست بو، كە لەم كتێبەی بەردەستان نوسراوەتەوە.

لەم پێشەكیەشدا دوو تێبینی دەخەمە ڕوو:

1. من هیچ دوژمنایەتیەكم لەگەڵا م. عوسمان نیە، بەڵكو نایناسم. جا ئەمە: «گفتوگۆیەكی هێمن وزانستی ونەرم ونیانە لەگەڵیدا» وهیچی تر. 

2. هەروەها من بە ویستی خوا تەنها لەبەر ئیسلام ومێژوەكەی وسەر مەزهەبەكانی وپێشەوایانی وهەڵگرانی بە وەڵام هاتوم، هەر بۆیە ویستومە بە ئەخلاق وڕەوشت وئوسلوبی ئیسلام وئەهلی عیلم گفتوگۆی لەگەڵ دا بكەم، دوور لە هەر كاریگەریەكی تر. هەر بۆیە كە دە ئەڵقەیەكی لێ بڵاو بویەوە، ومامۆستای ڕێزدار وخاوەن بانگەواز وزانست «باوكی عەبدولحەق عەبدوللەتیف ئەحمەد» بینی بوی دەستخۆشی كرد وبە زانستی وەسف كرد، بیرۆكەی بە كتێب كردنیش هی بەڕێزیان بو. 

بەڵام هەندێك ڕازی نەبون بەو ئوسلوبە، چونكە هەم زیانی بۆ دكتۆر عوسمان هەبو، هەم زیانی بۆ ئەوانە هەبو حەزیان لە توندی وسنور بەزاندنە. بۆیە ڤیدیۆكی منیان بڵاو كردەوە -كە برایان دەڵێن: وەڵامی ئەو نیە ووەڵامی م. صدیق وهەندێكی تری هاوبیرێتی علی كل-، كردبویانە وەڵام بۆ م. عوسمان! ئەگەر چی من ناوی كەس ناهێنم تێیدا، بەڵام یەكسەر ڕون كردنەوەیەكمان بڵاو كردەوە ووتمان بەرین لەو قسانە جا ئیتر باسی هەر كەس بێت. جا د. عوسمان وەڵامی سی مەقالەكەمی نەدایەوە بەڵام كە ڤیدیۆكەی بینی یەكسەر وەڵامێكی دایەوە خۆزگە وەڵامیش بوایە.

ئێستاش فەرمون بۆ گفتوگۆكه‌ وەك خۆی بێ دەستكاری مەگەر پێویستی كردبێت لە هەندێك شوێنی كەمدا.

 

علي خان